ناوی رواندز 

                                    ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناوی ڕه‌واندز
ره‌گ و ڕیشه‌ی ناوی ڕه‌واندز لێکدانه‌وه‌‌ی بیروڕای جیاواز له‌ خۆی ده‌گرێت .سه‌ره‌تا هه‌ندێکیان ئامه‌ژه بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که له‌ دوو ووشه‌ی (ڕه‌وه‌ند+ دز) پێک هاتووه ،ئه‌مه‌ش ده‌گێڕنه‌وه بۆ نێوی خێلی ڕه‌وه‌ندی که‌ نیشته‌جێ ی ناوچه‌که‌ بوون ، دزیش به‌ مانای قه‌ڵا دێت،واته قه‌ڵای خێڵی ڕه‌وه‌ندی بوو و به تێپه‌ربوونی کات سو‌اوه بۆته‌( ڕه‌وه‌ندز- ڕه‌واندز) ئه‌وه له لایه‌ك ،له‌لایه‌کی تردا هه‌ندێکی تر سه‌رچاوه‌ی ناو ڕه‌واندز بۆ ( ڕوبین دژ ) ده‌گێڕنه‌وه‌ که به‌ مانای قه‌ڵای پۆڵایین دێت، هه‌ڵگڕانی ئه‌و بیڕورایه‌ش ئه‌و دێره‌ هۆنراوه‌یه‌ ده‌که‌ن به‌ به‌ڵگه‌ی بۆ چونه‌کانیان که‌ میر محه‌مه‌د پاشای ڕه‌واندزی (1813-1836) له‌سه‌ر یه‌کێك له‌ ده‌ڕگای کۆنگه‌ره‌که‌ی ڕه‌واندز نووسیویه‌یی (( دوکنگرم رانهام برد و پیکر (رواندز) شد(روین دژ) بادیگر ) واتا ( دووبرجم بیناکرد له‌ سه‌ر دوو بنه‌ما ڕه‌واندز دیسانه‌وه بووه‌ به‌ قه‌ڵای پۆڵاین ( ڕۆبین دژ )، له‌له‌یه‌کی دیکه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که‌ ڕه‌واندز له دوو ووشه‌ی ڕه‌وان یان ڕه‌هوان+ دز پێك هاتووه‌و مانای شوێنی حه‌وانه‌وه‌ ده‌ به‌خشێت ،به تایبه‌ت ڕه‌وه‌نده‌‌کان له کاتی هاموشۆکردنیان له‌ گه‌رمیان و کوێستانه‌کان کردویانه‌ته وێستگه‌ی حه‌سانه‌وه‌یان .هه‌روه‌ها محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریمیش ئاماژه‌ بۆ بیروڕایه‌کی تر ده‌کات وده‌ڵێ "..... سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئه‌شکرێ ئه‌گه‌ر ( ڕوواندز ) ڕاستر بێ له‌ ( ڕه‌واندز )، به‌ واتای ( قه‌ڵای ڕووان) بێ واته‌ ( قه‌ڵای چه‌مان ) ،واته‌ ئه‌وقه‌ڵایه‌ی که‌تووه‌ته‌ سه‌رچه‌م، چونکه‌ ( ڕۆ ) له کوردیا به‌ مه‌عنای چه‌م زۆر به‌ کاردێ .... ، ڕه‌واندزیش چۆمێکی گه‌وره‌ به‌ نزیکیا ئه‌روا.